ده‌یان هه‌زار كه‌سی پۆڵۆنیایی له‌ دژی په‌نابه‌ر و موسڵمانان رێپێوانیان ئه‌نجامدا

داواكاری ئه‌وه‌ بوون ئه‌وروپا ده‌بێت یه‌كڕه‌نگ بێت

ده‌یان هه‌زار ره‌گه‌ز په‌رست له‌ پۆڵۆنیا رۆژی رابردوو هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دروشمیان له‌ دژی په‌نابه‌ران و موسڵمانان وته‌وه‌، كه‌ له‌ دروشمه‌كانیاندا داواكاری ئه‌وه‌ بوون ئه‌وروپا ده‌بێت یه‌كڕه‌نگ بێت.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی سی ئێن ئێن ناڕازییانی پۆڵۆنیایی كه‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان هاتبوونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی ڤارشۆی پایته‌خت، ئه‌م دروشمانه‌یان وته‌وه‌: ئه‌وڕوپای سپیی ده‌بێت ته‌نیا هیی سپیی پێستان بێت، هه‌روه‌ها دروشمی: داواكاری هۆلۆكۆستین له‌ دژی موسڵمانان.

به‌ به‌راوردی پۆلیسی پۆڵۆنیا ژماره‌ی ئه‌و ره‌گه‌ز په‌رستانه‌ی كه‌ به‌شداریی رێپێوانه‌كه‌یان كردبوو نزیكه‌ی 60 هه‌زار كه‌س ده‌بوو، كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌وڕوپا كۆببوونه‌وه‌.

ژماره‌یه‌ك ره‌خنه‌گر و شڕۆڤه‌كار بڕوایان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی پۆڵۆنیا خۆی هۆكاری به‌هێزبوونی ره‌وتی توندئاژۆی وه‌ك گروپی ره‌گه‌ز په‌رستی توندڕه‌ون كه‌ ئه‌و گروپه‌ رێكخه‌ری رێپێوانه‌كه‌ بوون. 

ئه‌و شڕۆڤه‌كارانه‌ پێیانوایه‌ كه‌ حكومه‌تی ئه‌م وڵاته‌ به‌ په‌ره‌پێدانی ره‌گه‌ز په‌رستی و لكاندنی كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی وڵات به‌ پرسی په‌نابه‌ران و موسڵمانانه‌وه‌، كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئه‌م جۆره‌ له‌ ره‌گه‌ز په‌رستیی ده‌بات.


سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود مه‌عروف / كوردستان تی ڤی