به‌رپرسی میحوه‌ری خازر: چۆك به‌ هه‌ر هێزێك داده‌ده‌ین ،كه‌ بیه‌وێت خاكی كوردستان داگیر بكات

دەروازەكانی هەولێرو دهۆك بەرەو موسڵ دەكەنەوە

شه‌وی رابردوو وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك ،هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌ردوو ده‌روازه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێرو دهۆكه‌وه‌ به‌ره‌و موسڵ ده‌روات دایخست و ئه‌مڕۆش ده‌روازه‌كان ده‌كاته‌وه‌، چۆك به‌ هه‌ر هێزێكیش داده‌ن ،كه‌ بیه‌وێت خاكی كوردستان داگیر بكات.

عارف ته‌یفوور، به‌رپرسی میحوه‌ری خازری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ری  ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانى راگه‌یاند : به‌ فه‌رمانێكی سه‌رووی خۆمان و بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر خاكی كوردستان و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ، هه‌ردوو رێگه‌ی دهۆك و هه‌ولێر كه‌ به‌ره‌و موسڵ ده‌ڕوات دامانخست .

عارف ته‌یفور گوتیشی: چه‌ند رۆژێكه‌ سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی، هه‌ڵچوونیان زۆر بووه‌و جمو جۆڵ و هه‌ڕه‌شه‌ و گوشاره‌كانیان له‌ ئێواره‌ی دوێنێدا زیاتری كردبوو، بۆیه‌ بۆ ئاماده‌باشی وه‌رگرتن، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ئه‌و دوو ده‌روازه‌ییه‌ی داخست .

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: هه‌وڵێكی چڕ هه‌بوو بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر كوردستان له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق ، دوێنێ شه‌و كه‌ زانییان پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاماده‌باشی ته‌واو دایه‌و سه‌نگه‌ره‌كانی قایم كردووه‌ له‌ هه‌وڵه‌ نه‌زۆكه‌كه‌یان په‌شیمان بوونه‌وه‌.

 ته‌یفور جه‌ختیشیكرده‌وه‌،  ئێمه‌ وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌ر هێزو لایه‌نێ بیه‌وێ هه‌ڵه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ بكات و هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردستان، وانه‌یه‌كی وای پێده‌ین كه‌ به‌ خه‌ونیش جارێكی تر بیر له‌وه‌ نه‌كاته‌وه‌ ، هه‌ر وه‌ك چۆن چۆكمان به‌ رژێمی به‌عس و سه‌دام حسێن دادا، ئاواش چۆك به‌ هه‌ر هێزێك داده‌ده‌ین ،كه‌ بیه‌وێت خاكی كوردستان داگیر بكات.

عارف ته‌یفوور راشیگه‌یاند: ئێستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ سه‌رقاڵی كردنه‌وه‌ی رێگاكانن وهاتوچۆ ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ له‌ هه‌ردوو رێگه‌كه‌ی هه‌ولێر و دهۆك.

كوردستان تیڤی: رزگار تاهیر