سبه‌ی پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستی له‌ هه‌ولێر ده‌ست پێ ده‌كات

پرۆسەكە بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی كۆمیساران به‌رێوه‌ده‌چێت


ئەمرۆ چوارشەممە شاندێكی ئەنجومەنی كۆمیساران گەیشتنە شاری هەولێر بە ئامانجی هەژماركردنەوەی دەستی بۆ ئەو وێستگانەی كە تانەیان لێدراوە.

لەیس جەبر حەمزە وتەبێژی رەسمی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران به‌یانی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی جیاكردنه‌وه‌ و بژاردنه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ ئه‌و وێستگانه‌ی كه‌ تانه‌ و سكاڵایان له‌سه‌ره‌ دوای ته‌واوكردنی كاره‌ لۆجستییه‌كان بریاردرا سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران و نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌ست به‌ پرۆسه‌كه‌ بكرێت.

وتیشی پرۆسەكە بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی كۆمیساران  بەرێوده چێت ، باسی لەوەشكرد نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و نۆێنەری قەوارەو حزبە سیاسیەكان و دەزگاكانی راگەیاندن دەتوانن ئامادەی پرۆسەكە بن.

 شایه‌نی باسه‌ 12ی حوزه‌یران هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق به‌رێوه‌چوو دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان تانه‌یان له‌ به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن گرت.