نێچیرڤان بارزانی: دەبێ لیستە براوەكان لە هەرێمی كوردستان كارنامەیەكی هاوبەشیان هەبێت

نێچیرڤان بارزانی: عێراق پێویستی بە هاوپەیمانییەكی فراوان و بەهێز هه‌یه‌

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند" بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت كێشەكانی چارەسەر بكات و حكومەتی داهاتووش بتوانێت دەستوور جێبەجێبكات و هەموو پێكهاتەكان خۆیان بەهاوبەشی له‌ بەڕێوەبردنی عێراق ببینن، دەبێت لایەن و لیستە براوەكانی هەڵبژاردن هاوپەیمانییەكی فراوان و بەهێز دروست بكەن .

هەروەها سەبارەت بە دروستبوونی هاوپەیمانی نێوان لیستی سائیرون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و لیستی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری ، نێچیرڤان بارزانی به‌ رووداوى راگەیاند" ئەوە هەنگاوێكی ئەرێنییە، بەڵام ئەو بارودۆخە تەنیا بەهاوپەیمانیكردنی دوو لیست چارەسەر ناكرێت، دەبێ هاوپەیمانییەكی فراوان و گشتگیر دروست بكرێت".

نێچیرڤان بارزانی وتیشى" دەبێ هاووڵاتیانی عێراق بگەنە ئەو مافە مەدەنی و سیاسی و خزمەتگوزاریانەی كە لە دەستووری عێراقدا بۆیان دیاریكراون، ئەوەش بەدروستبوونی هاوپەیمانییەكی فراوان و بەهێز بەدی دێت .

هه‌روه‌ها وتیشى" ئەو هاوبەشییەی ئێستا لە هەڵوێستەكاندا لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دروستبووەتەوە گرنگە، بەڵام هەروەك پێشتریش گوتوومانە دەبێ لیستە براوەكان لە هەرێمی كوردستان پێكەوە دابنیشین و كارنامەیەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ دانوستاندن لەسەر بنەمای مافەكانمان لەدەستووری عێراقدا لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا . 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگه‌یاند" ئێمە ئێستا نامانەوێت ببینە بەشێك لەهیچ هاوپەیمانییەك ، بەبێ ئەوەی بەرچاوڕوونیمان هەبێت لەسەر كارنامەی ئەو هاوپەیمانیانە بۆ بەشداریكردنی لیستەكانی دیكە و پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكان و بەتایبەتیش مافەكانی گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستان هەروەك لە دەستووری عێراقدا هاتوون .