سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی بارسلۆنا داوای ئازادیی رێبه‌رانی كه‌ته‌لۆنیایان كرد

له‌ رێپێوانێكدا داوای ئازادیی رێبه‌رانی سیاسی خۆیانیان كردووه‌

پۆلیسی ئیسپانیا رایگه‌یاند: رۆژی رابردوو نزیكه‌ی 315 هه‌زار كه‌س له‌ دانیشتووانی بارسلۆنا هاتونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌م شاره‌ و له‌ رێپێوانێكدا داوای ئازادیی رێبه‌رانی سیاسی خۆیانیان كردووه‌.

خۆپیشانده‌ران به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی " كۆتایی به‌م بارمته‌ گیرییه‌ بهێنن " داوایان له‌ حكومه‌تی ئیسپانیا كرد تا رێبه‌رانی سیاسیی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا ئازاد بكرێن كه‌ به‌ تاوانی جیابوونه‌وه‌ و داواكردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیان له‌ زینداندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

خۆپیشانده‌ران هه‌روه‌ها داوایان له‌ حكومه‌تی ئیسپانیا كرد تا ئه‌و رێبه‌رانه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ به‌ ئازادیی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتی خۆیان، چونكه‌ له‌ ئێستادا به‌ هۆی نیگه‌رانی له‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

شایه‌نی ئاماژه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌ كۆی گشتیی 9 كه‌س له‌ رێبه‌رانی كه‌ته‌لۆنیا له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئیسپانیاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون و حه‌وت كه‌سی دیكه‌شیان یان له‌ زیندان ده‌ستبه‌سه‌ر كراون  و یان رۆیشتوونه‌ته‌ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وڕوپا.


سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی