ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ى واژووى ئه‌ردۆگانى له‌سه‌ربوو له‌ عه‌فرین خرایه‌ خواره‌وه‌

شه‌ڕڤانان فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى توركیایان له‌ عه‌فرین خسته‌ خواره‌وه‌

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كى "هه‌سه‌ده‌" هاتووه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ شه‌ڕڤانان فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى توركیایان له‌ گوندى "قودیه‌"ى شارى عه‌فرین خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌مممه‌ 12-2-2018، له‌لایه‌ن هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات بڵاو كرایه‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى توركیایان له‌ جۆرى به‌یره‌قدار خستۆته‌ خواره‌وه‌.

 له‌ به‌یاننامه‌كه‌ هاتووه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م فرۆِكه‌یه‌ واژووى كردووه‌، به‌ر له‌وه‌ى ره‌وانه‌ى عه‌فرین بكرێت، نه‌یده‌زانى ئه‌مه‌ دوایین فڕینى ده‌بێت".

هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌وتنى فڕۆكه‌ توركییه‌كه‌ له‌ گوندى قودیه‌ى سه‌ر به‌ ناوچه‌ى عه‌فرین بووه‌.

 رۆژى شه‌مووى رابردوو هه‌ر له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌، هه‌لیكۆپته‌رى جه‌نگى توركیا خرایه‌ خواره‌وه‌ و ئه‌ردۆغان وێراى پشتڕاستكردنه‌وه‌ى كه‌وتنى فڕۆكه‌كه‌، هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ى له‌ هێزه‌ كوردییه‌كان كرد.

ماوه‌ى 25 رۆژه‌ هێزه‌كانى توركیا ئۆپراسیۆنێكیان به‌ ناوى چڵه‌ زه‌یتوون له‌ دژى عه‌فرین ئه‌نجام داوه‌، به‌ پێى دوایین زانیارى هێزه‌كانى توركیا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ سووپاى ئازادى سووریا نزیكه‌ى 200 چه‌كدارینا كوژراوه‌.