Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 20:07

بە بەشداریی زیاتر لە 20 کۆمپانیا یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی بە سەركەوتوویی بەڕێوە چوو

کوردستان TV
100%


لە چوارچێوەی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان لە کابینەی نۆیەمدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری دڵنیایی سەر بە وەزارەتی دارایی، یەکەمین کۆنفرانسی لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 5 ـی ئایاری ساڵی 2024 بەڕێوە برد، کۆنفرانسەکە ماوەی دوو ڕۆژ و بە بەشداریی ژماریەکی بەرچاو لە خاوەنکاران و کۆمپانیاکانی ناخۆیی و عێراقی و بیانی بەڕێوە چوو.
سەروین ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هونەری لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری دڵنیایی، لەوبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیاو زانیاری ڕاگەیاند: "زیاتر لە 20 کۆمپانیا لەکۆنفراسەکەدا بەشدار بوون، کە 17 کۆمپانیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیان مۆڵەتی کارکردنیان پێ دراوە و 8 لەو کۆمپانیایانە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن، هەروەها لقی پێنج لەو کۆمپانیانە لە بەغدا کراونەتەوە و جگە لەوەی دوو لەو کۆمپانیایانەی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە کردووە، کۆمپانیای بیمەی عێراقین.
بەڕێوەبەری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری دڵنیایی، زیاتر ڕوونی کردەوە: " 8 کۆمپانیای خۆماڵی و چوار کۆمپانیای نێوەندگیری و چوار کۆمپانیای بیانی، کە سیانیان سەر بە وڵاتی ئوردنن و یەکێکیان سەر بە وڵاتی ئیماراتە، سپۆنسەر و بەشدارییان لە کۆنفرانسەکە کردووە".

ئامانجی کۆنفرانسەکە
سەبارەت بە ئامانجی کۆنفرانسەکە، سەروین ئیسماعیل، گوتی: "یەکەمین کۆنفراسە لە بواری بیمەی دڵنیایی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و مەبەستمانە لەسەر ئەو پرسە زۆرترین هۆشیاری پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەین"، هەروەها بەپێویستیشی دەزانێت هاووڵاتیان و فەرمانبەران و خاوەنکاران و سەرجەم چین و توێژەکان، خۆیان بیمە بکەن، بەوپێیەی بیمەکراو لەهەر مەترسییەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە مافەکانی پارێزراو دەبێت، هەر زیانێک و مەترسییەک ڕووبەڕووی ببێتەوە یان زیان بە كەلوپەل و سامانەكەی بگات لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری بیمەی دڵنیایی قەرەبوو دەکرێتەوە، دەشڵێت: "ئاماجێکی دیکەی کۆنفرانسەکە ئەوەیە ڕاسپاردەکانی بگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا ڕێکارەکانی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە". ئاشکراشی دەکات "ڕێکارەکان سەبارەت بە بیمەکردنی کەرتی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی تەواو کراون و چاوەڕێی ئەوەین حکومەتی هەرێم بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات".

بیمەی دڵنیایی چییە؟
گرێبەستێکە لە نێوان کۆمپانیاکانی بواری بیمەی دڵنیایی لەگەڵ کەسی بیمەکراو، جا ئەو کەسە هاووڵاتییەکی ئاسایی بێت یان فەرمانبەر بێت لە یەکێک لە کەرتە حکومی و ئەهلییەکان، یان خاوەنکار و کاسبکار بێت بیمەی تەندروستی بۆ خۆی دەکات یان بیمەی دڵنیایی بۆ پێداویستییەکانی یان بۆ پرۆژەکانی دەکات، بۆ ئەوەی لە هەر دۆخێکدا کە بەهۆی ڕووداوێکەوە مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانی، ئەوا لە ڕێگەی بیمەی دڵنیاکراو کە پێشتر خۆی تۆمار کردووە، ئەرکی چاسەری دارایی دەخرێتە ئەستۆی کۆمپانیاکە یان ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەی یان پرۆژەکەی زیانی پێگەیشت، کە پێشتر بیمەی کردووە، ئەوا لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری بیمەی دڵنیایی قەرەبووی پێویستی دەکرێتەوە".
بەڕێوەبەری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری دڵنیایی ئاماژەی بەوەش کردووە: "چەندین جۆر بیمەی دڵنیایی هەن، بۆنموونە جیاوازی هەیە لەنێوان بیمەی کەسەکان بەگوێرەی هەڵکشانی تەمەنیان و هاوکات جیاوازی هەیە لەنێوان بیمەکردنی پێداویستییەکان بەگوێرەی قەبارەکان، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی بچووک جیاواز لە ئۆتۆمبێلی گەورە بیمە دەکرێت، لەڕووی تێچووی داراییەوە بەهەمان شێوە بڕی تێچوو بەبەراورد بە بەبیمەکردنی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری گۆڕانکاری بەسەردا دێت".

تا ئێستا چەند کەس لە هەرێمی کوردستان خۆیان بیمە کردووە ؟
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری بیمەی دڵنیایی ئاشکرای دەکات: "تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 280 هەزار کەس لە کەرت و توێژە جیاوازەکان خۆیان بیمە کردووە و تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا بە بڕی زیاتر لە 10 ملیار دینار قەرەبووی زیانلێکەوتووانی کەسانی بیمەکراو کراوەتەوە".

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.